خولی یەکەم
هه‌ندێك زانیاریی‌و ورده‌كاری سه‌باره‌ت به‌خولی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، له‌گه‌ڵ (سی ڤی) سه‌رۆكی ئهنجومهنو پارێزگار‌و جێگره‌كه‌ی‌و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی:
ئه‌م نوسراوه، له ناوه‌ڕۆكی پهڕتوكێك وه‌رگیراوه، كه له‌لایه‌ن خولی پێشوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانییه‌وه ئاماده‌و چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ناونیشانی (پرۆژه‌كانی پارێزگای سلێمانی ساڵی 2006 - 2009).
به‌و پێیه‌ی به‌ڕێوه‌بردن پێوه‌ری سه‌ره‌كیی گهشهسهندنو پێشكه‌وتنی هه‌ر وڵاتێكه، 31/1/2005 ڕۆژی وه‌رچه‌رخانێكی گرنگه له‌بواری به‌ڕێوه‌بردن له‌عێراقدا بهگشتیو هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی، چونكه له‌و ڕۆژه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی (كه دواتر بوو به‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران)و په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقیش ئه‌نجامدرا، كه جگه له‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌ڕێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه، توانییان (748) نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن، واته بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك (41) ئه‌ندام، جگه له‌به‌غدا كه (51) ئه‌ندام بوو، سه‌ره‌تای هه‌نگاونانی راسته‌قینه‌ی گه‌لی عێراق بوو، ڕوه‌و پیاده‌كردنی سیستمێكی به‌ڕێوه‌بردنی پێشكه‌وتوی دیموكراسی، كه ئه‌مڕۆ له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی پێشكه‌وتوی دنیادا په‌یڕه‌وی لێ ده‌كرێ‌و به‌به‌ڵگه‌وه سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌و سیستمه سهلمێنراونو ژماره‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كار به‌م سیستمه ناكه‌ن، له‌په‌نجه‌كانی یه‌ك ده‌ست تێپه‌ڕ ناكات.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، به‌پێی یاسای ژماره (71)ی ده‌سه‌ڵاتی كاتیی هاوپه‌یمانان بوو، كه پێشتر ڕۆژی (6/4/2004)، له‌لایه‌ن (پۆڵ بریمه‌ر) حاكمی ئه‌وسای عێراق ده‌ركرابوو، به‌م پێیه‌ش جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌و هه‌نگاونان روه‌و په‌یڕه‌وكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی له‌به‌ڕێوه‌بردندا، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتێكی مهركهزیخوازی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ڕوبه‌ڕوو بۆوه، بۆیه له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه، دوو ڕه‌وتی دژبه‌یه‌ك په‌یدا بون، ڕه‌وتی لامهركهزیخوازی دیموكراسی، ڕه‌وتی مهركهزیخوازی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات.
به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ناوهڕاستو خواروی عێراق، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی ناوهڕاستو خواروی عێراق، توانییان به‌پێی ناوه‌ڕۆكی یاسای ژماره (71)، كاره‌كانی خۆیان بهڕێوهبهرنو یاساكه جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندێتیی ههرێمو هه‌بونی پهرلهمانو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و بونی ئاماژه‌یه‌ك له‌دیباجه‌ی یاسای ناوبراو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ شێوازێكی تر په‌یڕه‌و بكات‌و ترسی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌وه‌ی، به‌هۆی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌وه، ده‌ستكه‌وته نه‌ته‌وییه‌كانی گه‌لی كورد له‌ده‌ست بچن، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی خسته سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی، كه پێویسته یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌ربچێت.ٍ
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی 21/7/2005 پرۆژه‌یاسایه‌كی هاوبه‌شیان پێشكه‌ش بهپهرلهمانو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌ڵام به‌هۆی دژایه‌تی ڕه‌وتی مهركهزیخوازی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌كوردستان، ده‌رچونی یاساكه دواكه‌وت، هه‌تا له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ژماره (3) له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوو، هه‌رچه‌نده یاساكه ده‌قی له‌سه‌ر ئه‌وه كردوه، كه بۆ خولی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستان كاری پێ ناكرێ، به‌ڵام به‌ده‌سكه‌وتێكی گرنگی خولی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستان ده‌ژمێردرێ.
به‌هه‌مان شێوه ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی ناوهڕاستو خواروی عێراقیش، لهههوڵو تێكۆشانی خۆیان به‌رده‌وام بون، تا سه‌رئه‌نجام له‌كۆتایی ساڵی (2008)دا، یاسای ژماره (21)ی ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌هه‌رێمێكدا رێكنه‌خراون، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه ده‌رچوو.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌مافی ڕه‌وای هه‌ر تاكێكی سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌زانێت، چاودێری‌و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئیشوكاره‌كانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه له‌ئاستی ئه‌و ئه‌ركه‌دا بوه، كه خستویه‌تییه سه‌رشانی خۆی، تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوه لهجێبهێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی، كه پێتانی داوه، به‌پێویستی ده‌زانین پێتان ڕابگه‌یه‌نین، هه‌موو ئه‌و كار‌و چالاكی‌و پرۆژانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌نجامیداون له‌كاتێكدا بوه كه:
1- له‌و ڕۆژه‌وه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجام دراوه‌و تاكو ئێستاش، یاسایه‌ك نه‌بوه ئهركو دهسهڵاتو پێگه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌هه‌رێمی كوردستان دیاری بكات، به‌م پێیه‌ش ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، هیچ ئیلتیزامێكی یاساییان نه‌كه‌وتۆته سه‌رشان، بۆیه ئه‌وه‌ی كردومانه له‌كارو چالاكی‌و پرۆژه، ته‌نها وه‌ك هه‌ستكردنمان بوه به‌به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقی به‌رامبه‌ر بهگهلو وڵاته‌كه‌مان.
2- ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان په‌راوێزخراوترین ده‌زگان له‌هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا، ته‌نانه‌ت وه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی بچكۆله‌ی ئه‌م هه‌رێمه تاكه دینارێك بودجه‌یان نییه، بۆ كڕینی یه‌ك قه‌ڵه‌م ده‌بێت داوا له‌پارێزگار بكه‌ن.
3- ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، تاكه ده‌زگان كه له‌سنوری هه‌رێمی كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌ك پشتگوێو ته‌ریك كراون، له‌هیچ نوسراوێكی فه‌رمیی ئه‌م هه‌رێمه‌دا خوێندنه‌وه‌مان بۆ ناكرێ، له‌نه‌زه‌ری ده‌سه‌ڵاته یاساییه‌كانی هه‌رێمدا، بون‌و نه‌بونیان وه‌ك یه‌ك وایه.
4- جگه له‌به‌ڕێز (عمر فتاح) جێگری پێشوی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، كه بڕی (370,000,000,000) دیناری له‌ساڵانی (2007و 2008 )دا خستۆته به‌رده‌ستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی‌و پرۆژه‌ی جۆراوجۆری له‌سنوری پارێزگای سلێمانیدا پێ جێبه‌جێكراوه، تا ئێستا تاكه دینارێك بودجه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌وه نه‌خراوه‌ته به‌رده‌ستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی.
5- ئه‌و كار‌و چالاكی‌و پرۆژانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئه‌نجامی داون، ته‌نها به‌و بودجه‌یه بوه، كه ساڵانه له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه، له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی ههرێمو پارێزگاكان بۆمان دابین كراوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو رێگری‌و پشتگوێخستنانهش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، جگه له‌و پرۆژه‌و كار‌و چالاكیانه‌ی نوسراون، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی توانیویه‌تی، به‌كرده‌وه ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه بنێت‌و تیایاندا سه‌ركه‌وتوو بێت:
1- زیندوو ڕاگرتنی كاركردنی پێكهوهییو ئاشتییانه: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پێكهاته‌یه‌كی هاوبه‌شی لیسته‌كانی، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڕێژه‌ی (28) كورسی، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێژه‌ی (5) كورسی، یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان به‌ڕێژه‌ی (5) كورسی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به‌ڕێژه‌ی (3) كورسی، كه هه‌رچه‌نده له‌ڕوی ئایدۆلۆژییه‌وه ئه‌م لیستانه لێك نزیك نین، به‌ڵام بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی، ئه‌نجومه‌ن توانیویه‌تی یه‌كڕیزی‌و هه‌ماهه‌نگیی نێوان لیسته‌كان بپارێزێ‌و وه‌كو یه‌ك تیم كار بكات.
2- شه‌فافیه‌ت له‌داهاتو خهرجییهكانو كاره‌كاندا: هه‌رچی بودجه‌یه‌ك گه‌یشتبێته ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، چۆنیه‌تی دابهشكردنو خه‌رجكردنی، ساڵانه له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، هه‌موو هاوڵاتییه‌كیش ئازاد بوه له‌وه‌ی، به‌دواداچون بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك یان هه‌ر جۆره داهاتو خه‌رجییه‌ك بكات، به‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیشه‌وه، چونكه داهاتو خه‌رجییه گشتییه‌كان مافی هاوڵاتیانه به‌دواداچونیان بۆ بكهنو وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان بدرێته‌وه.
3- عه‌داله‌ت له‌دابه‌شكردنی بودجه‌دا: هه‌موو ئه‌و بودجانه‌ی گه‌یشتونه‌ته ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به‌بێ جیاوازیی نێوان شار‌و شارۆچكهیهكو ناوچهیهكو ناوچه‌یه‌كی تر، به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان دابه‌شكراوه به‌سه‌ر شار‌و شارۆچكهكانداو له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی یه‌كه‌ی ئیداری‌و به‌رپرسی فه‌رمانگه پهیوهندیدارهكانو ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مهدهنیو نوێنه‌رانی ناوچه‌كان، كراوه به‌پرۆژه‌ی جۆراوجۆر.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بۆ جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی خۆی، په‌یڕه‌وی ئه‌م دابه‌شكارییه‌ی خواره‌وه‌ی كردوه:
اّ- زۆنه‌كان: واته دابه‌شكردنی سنوری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به‌پێی سنوری جوگرافی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌نجومه‌ن دابه‌شكراوه به‌سه‌ر پێنچ زۆنی سه‌ره‌كیدا، كه ئه‌مانه‌ن:
1- زۆنی یه‌ك: كه ناوشاری سلێمانی‌و ناحیه‌كانی سه‌ر به‌قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی ده‌گرێته‌وه.
2- زۆنی دوو (چه‌مچه‌ماڵ).
3- زۆنی سێ: (گه‌رمیان + ده‌ربه‌ندیخان).
4- زۆنی چوار: (هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید + سه‌یدسادق + شاره‌زوور + پێنجوێن).
5- زۆنی پێنچ: كه سنوری هه‌رسێ قه‌زای (پشده‌ر + رانیه + دوكان) ده‌گرێته‌وه.
ب- لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كان: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانی، سه‌ره‌ڕای زۆنه‌كان، ئه‌م لیژنه هه‌میشه‌ییانه‌ی هه‌بوه، كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی بواری خۆیان كاریان كردوه:
1- لیژنه‌ی یاسا.
2- لیژنه‌ی ژنان.
3- لیژنه‌ی ناوخۆ.
4- لیژنه‌ی سكاڵای هاوڵاتیان.
5- لیژنه‌ی ئاوه‌دانكرنه‌وه.
6- لیژنه‌ی گه‌نجان.
7- لیژنه‌ی ته‌ندروستی.
8- لیژنه‌ی په‌روه‌رده.
9- لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان.
10- لیژنه‌ی ئابوری.
كه هه‌ر یه‌كێك له‌و لیژنانه، چه‌ندین پرۆژه‌ی جۆراوجۆریان ئاماده‌كردوه، به‌شێكیان پێشكه‌ش به‌حكومه‌تی هه‌رێم كراون بۆ جێبه‌جێكردن، ماوه‌ته‌وه بڵێین، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، سوپاسی خۆی ئاراسته‌ی هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌كات، كه له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا، هاوكارو پشتگیری ئه‌نجومه‌ن بون، به‌و هیوایه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاینده، خاوه‌نی دهسهڵاتو پێگه‌ی یاسایی خۆی بێت.
كۆی پرۆژهكانو تێچونهكانیان، كه له‌ماوه‌ی (4) ساڵ ته‌مه‌نی خولی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا ئه‌نجام دراون
له‌ساڵی 2006دا، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا (86) پرۆژه‌ی ئه‌نجامداوه‌و بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراویش بۆ پرۆژه‌كان بریتی بوه له (76.971.242.787) دیناری عێراقی.
له‌ساڵی 2007دا، پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی كوردستان له‌سنوری پارێزگای سلێمانیدا، (158) پرۆژه بون‌و تێكڕای پاره‌ی ته‌رخانكراویش بۆیان بریتی بوه له (151.020.555.716) دیناری عێراق، هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا، (272) پرۆژه‌ی دیكه له‌چوارچێوه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كاندا جێبه‌جێ كراون‌و بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراویش بۆیان بریتی بوه له (217.396.820.613) دیناری عێراقی.
له‌ساڵی 2008دا، له‌چوارچێوه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كاندا (470) پرۆژه ئه‌نجام دراون‌و بڕی پاره‌ی تێچوی پرۆژه‌كانیش بریتی بوه له (258.463.170.356) دیناری عێراقی، هه‌مان ساڵ‌و له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی ته‌واوكاریی ساڵیدا، (248) پرۆژه ئه‌نجام دراون‌و پاره‌ی ته‌رخانكراویش بۆ پرۆژه‌كان (153.503.710.660) دیناری عێراقی بوه، هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا (82) پرۆژه‌ی دیكه له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمدا ئه‌نجام دراون‌و پاره‌ی تێچونهكانیشیان بریتی بوه له (143.665.723.998) دیناری عێراقی.
له‌ساڵی 2009شدا، له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی په‌ره‌پێدانی ههرێمیهتیی ساڵی، (118) پرۆژه ئه‌نجام دراون‌و بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراویش بۆ پرۆژه‌كان بریتی بوه له (44.929.213.771) دیناری عێراقی.
كۆی پرۆژه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2009، بریتی بوه له (1434) پرۆژه‌ی جۆراوجۆر، پاره‌ی ته‌رخانكراویش بۆ سه‌رجه‌م پرۆژه‌كان له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا (1.045.950.437.901) دیناری عێراقی بوه.
پارێزگای سلێمانی
پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌وێته باكورو باكوری خۆرهه‌ڵاتی عێراق‌و نزیكه‌ی (450) كم له‌به‌غدای پایته‌خته‌وه دوره، به‌هێڵی درێژیی یه‌كتربڕی (45-27)و هێڵی پانی (35-33)، هه‌روه‌ها به‌یه‌كێك له‌ناوچه مامناوه‌نده‌كان داده‌نرێت له‌ڕووی كه‌شوهه‌واوه، له‌ڕووی خۆرهه‌ڵاتیه‌وه هاوسنوری ئێرانه‌و به‌هۆیه‌وه بازرگانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵدا هێناوه‌ته كایه‌وه (واته له‌گه‌ڵ ئێران‌دا)، لهباكوریشهوه هاوسنوری هه‌ولێره‌و له‌باشوریشه‌وه هاوسنوری كه‌ركوكه، كه (87) كم لهلهسلێمانییهوه دووره، هه‌ر له‌باشوره‌وه هاوسنوری پارێزگای دیاله‌یه، پارێزگای سلێمانی به‌ناوه‌ندێكی پێكبه‌ستنه‌وه‌ی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێرو كه‌ركوك‌و دیاله داده‌نرێت به‌ئێرانه‌وه، پردێكیشه بۆ پارێزگاكانی تری عێراق.
پارێزگای سلێمانی خاوه‌نی (14) قه‌زایه، كه ئه‌وانیش (قه‌زای ناوه‌ند، شاره‌زوور، ڕانیه، دوكان، پێنجوێن، شارباژێڕ، پشده‌ر، كه‌لار، كفری، سه‌یدسادق، قه‌ره‌داغ، چه‌مچه‌ماڵ، ده‌ربه‌ندیخان، ماوه‌ت).
پارێزگای سلێمانی (2895) پێ له‌سه‌ر ئاستی روی ده‌ریاوه به‌رزه‌و ئه‌وه‌ش وای لێكردوه كه‌شوهه‌وایه‌كی مامناوه‌ند و ناوچه‌ی گه‌شتوگوزاری تیا دروست بێت، وه‌ك (هاوینه‌هه‌واری ئه‌حمه‌دئاوا، زه‌ڵم، ته‌وێڵه، بیاره، باوه‌كۆچه‌ك، دوكان، سه‌رسیر، كونه‌ماسی، ئه‌زمه‌ڕ، بلكیان، سیته‌ك، قه‌ره‌داغ، كۆسره‌ت، پیره‌مه‌گروون...هتد)
ڕوبه‌ری پارێزگای سلێمانی (170203) كلم دوجایه، له‌ئێستاداو به‌پێی فۆرمی خۆراك، ژماره‌ی دانیشتوانی نزیكه‌ی (2) ملیۆن كه‌سه‌و كه ڕێژه‌ی (78%)یان له‌ناو شاره‌كان‌و (22%)شیان لهلادێو گونده‌كاندا ده‌ژین، ڕێژه‌ی چڕیی دانیشتوانیش له‌پارێزگای سلێمانیدا (72) كه‌سه بۆ یه‌ك كیلۆمه‌تر چوارگۆشو ڕێژه‌ی زیادبونی ساڵانه‌ی دانیشتوانه‌كه‌شی (3%)یه، كه ده‌كاته (142,51) كه‌س، یاخود نزیكه‌ی (610,13) خێزان له‌ساڵیكدا، خێرایی با تیایدا (17,25) كیلۆمه‌تره له‌سه‌عاتێكدا، كه بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با ده‌شێت به‌ڕێژه‌یه‌كی باڵا‌و ڕێژه‌ی شێش لهارێزگای سلێمانیدا نزیكه‌ی (42%)ه، هه‌روه‌ها به‌هره‌ی دانیشتوانی شاری سلێمانی وایكردوه، له‌كاتی خۆیدا وه‌ك شارێكی پیشه‌سازی ده‌ربكه‌وێت‌و باشیی دڵ‌و ده‌رونی دانیشتوانه‌كه‌شی وایكردوه، كه ببێته‌ی جێگه‌ی خۆشه‌ویستی زۆربه‌ی شاره‌كانی تری عێراق، پارێزگای سلێمانی پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی لهدڵو ده‌رونی عێراقیه‌كاندا هه‌یه، به‌هۆی ئه‌و هیواو تێڕوانینه یهكترخۆشویستنو پهیوهندیو كرانه‌وه‌یه، كه ئه‌م شاره له‌نێو پێكهاته‌كانی گه‌لانی عێراقدا هه‌یه‌تی.
سێ ئه‌گه‌رو تێڕوانین بۆ ناونانی شاری سلێمانی هه‌ن، به‌هێزترین ئه‌گه‌ریان ئه‌وه‌یه، كه (ئیبراهیم پاشای بابان) به‌ناوی سلێمان پاشای باوكیه‌وه ناوی نابێت سلێمانی، ده‌شوترێت كهپاشای بابان له‌كاتی خۆیدا به‌والی به‌غدا گه‌یشتوه، ناونانی سلێمانیش بۆ سوڵتانی عوسمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، باسیش له‌وه ده‌كرێت كه له‌كاتی هه‌ڵكه‌ندنی سلێمانیدا، ئه‌نگوستیله‌یه‌ك دۆزرابێته‌وه كه ناوی (سلێمان)ی له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌ندرابێت، توێژینه‌وه مێژوییه‌كان ده‌ریانخستوه كه گه‌لی (لۆلۆ) یان لۆلۆییه‌كان له‌ده‌وروبه‌ری (23) سه‌ده پێش زایین، له‌م ناوچه‌یه ژیاون، ئه‌م ناوچه‌یه‌ش له‌یه‌كێك لهتێكستهكاندا ناوی هاتوه، كه پێده‌چێت بۆ (سێرجۆنی ئه‌كه‌دی) بگه‌ڕێته‌وه (2371-2316) پێش زایین.
شیاوی بیرهێنانه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تێك له‌م ناوچه‌یه به‌ر لهلۆلۆییهكان هه‌بوه‌و ژیاوه، كه به خامازین (2500 پێش زایین) ناسراوه، هه‌روه‌ها شوێنه‌واره‌كان به‌ڵگه‌ی هه‌بونی شارستانی دێرینن له‌م ناوچه‌یه‌دا، به‌و پێیه‌ی كه له‌سنوری شاری سلێمانیدا شوێنه‌واری دێرین هه‌یه، له‌وانه شوێنه‌واری قه‌ڵای بازیان، كه پێگه‌یه‌كی ئاینییه‌و كه‌نیسه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی كه‌نیسه‌ی (مه‌دائن)ی تیایه، كه به‌پێی توێژینه‌وه ته‌لارسازییه‌كانی شوێنه‌وار، به‌یه‌كێك له‌یه‌كه‌مین ئه‌و پێگانه داده‌نرێت، كه له‌عێراقدا بنیاتنراوه، به‌ڵگه مێژوییهكانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه ئاشورپانیباڵ (881-880)ی پێش زایین، چه‌ندین جه‌نگی له‌م ناوچه‌یه بهرپاكردوهو ناوی ناوچه‌كه‌ش به (زاموا) هاتوه .
له‌دایكبونی شاری سلێمانی، هاوكات بوه له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی دیارده‌ی پێكهێنان‌و بنیاتنانی میرنشین له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانیداو میرنشینی بابان له‌باكوری خۆرهه‌ڵاتی ئێستای عێراق، پێكهێنراو قه‌ڵاچوالانیشی كرده ناوه‌ندی میرنشینهكهو له‌ساڵی 1778دا (محمود پاشای بابان) ده‌سه‌ڵاتی كاروباری میرنشینی بابانی گرته دهستو هه‌وڵی چه‌سپاندنی لایهنگریو به‌هێزكردنی پێگه‌كه‌ی دا‌و له‌ساڵی 1781دا قه‌ڵایه‌كی پته‌وی لهگهندڵی مه‌ڵكه‌ندی دروستكرد، كه ئێستا یه‌كێكه له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری سلێمانی.
پارێزگای سلێمانی روی گه‌شی شارستانی كوردستانی عێراقه، كه چه‌ندین تایبهتمهندیو خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه، كه له‌ژماردن نایه‌ن، به‌تایبه‌ت جوانیی سروشته ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی، كه ئه‌گه‌ر وه‌به‌ربهێنرێت، ده‌بێته شاده‌ماری بژێویی ته‌واوی وڵات، هه‌روه‌ها كه‌لتوره فۆلكلۆرییه دهوڵهمهندهكهشی وایكردوه، ببێته ئاڵاهه‌ڵگری ڕۆشنبیران له‌چه‌ندین لایه‌نی جیاوازدا، له‌وانه هونه‌ره جۆراوجۆره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، به‌وپێه‌ی مێژوی پڕاوپڕه له‌شاعیرو ئهدیبو بیرمه‌ندو سیاسییه‌كان، كه پێشتر‌و ئێستاش وه‌ك ئه‌سپێكی سه‌ركێشه‌و بۆته ده‌ستپێشخه‌ر له‌سه‌رجه‌م شۆڕشه ڕزگاریخوازو فیكری‌و مه‌ده‌نییه هاوچه‌رخه‌كاندا.
ئه‌م ناوچه‌یه قێزه‌ونترین تاوانی سه‌ده‌ی رابردوی به‌خۆیه‌وه بینی، كه یه‌كێك لهشارهدێكانی سلێمانی، كه هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیده، هێرشی كیمیایی كرایه سه‌ری، به‌هۆیه‌وه (5000) قوربانی‌و (25000) برینداری لێكهوتهوه، له‌هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفالیشدا، كه به‌هۆیه‌وه (182) هه‌زار كورد، كوژراو‌و بریندار‌و بێسه‌روشوێن كران.
سلێمانی یه‌كه‌مین شاره له‌عێراقدا، كه به‌ر له‌دروستكردنی، پلان‌و نه‌خشه‌ی بۆ دانراوه‌و به‌دایكی شاره‌كانی عێراق‌و جوانترین‌و كراوهترینیان له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه داده‌نرێت، وه‌ك ناوه‌نده ئاینی‌و ههرێمیهكهشی ئاماژه‌ی پێده‌كرێت، كه سه‌رچاوه‌ی پاك‌و ڕونی وه‌رگرتنی زانستی ئاینییه‌و تا ئێستاش ناوی (كاك ئه‌حمه‌دی شێخ) چرایه‌كه ده‌كرێته پێشڕه‌وی خۆشویستنو ئازایهتیو ڕۆشنبیری.
له‌م ناوچه‌یه‌دا چه‌ندین ته‌ریقه‌تی سۆفیگه‌ریی به‌ناوبانگ ههبونو ژیاون، له‌وانه ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی، كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (شێخ محمد عوسمان ته‌وێڵه‌یی)، ناسراو به (شێخ سیراجه‌دینی نه‌قشبه‌ندی)، كه له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ (مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی 1388 كۆچی دوایی كردوه) پێگه‌یشتوه، ئێستا مه‌زارگه‌كه‌ی له ناوچه‌ی ته‌وێڵه‌یه، كه (95) كم له‌باكوری خۆرهه‌ڵاتی سلێمانییه‌وه دوره، له‌شێوه‌كانی تری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی، هه‌ریه‌ك له (شێخ عومه‌ری) ناسراو به (زیائه‌دین)، كه له‌ساڵی 1835ی زایینی‌دا كۆچی دوایی كردوه‌و (شێخ علی) ناسراو به (حسامه‌دین نه‌قشبه‌ندی)، كه له‌ساڵی 1936ی زایینی‌دا كۆچی دوایی كردوه، لهتهریقهتهكانی تری ته‌سه‌وفیش له‌سنوری پارێزگای سلێمانیدا، ته‌ریقه‌تی (قادری)یه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ (شێخ عبدالقادری گه‌یلانی)، كه له‌ساڵی 1165ی زایینی‌دا كۆچی دوایی كردوه، ئه‌و ته‌ریقه‌ته له‌سه‌ر ده‌ستی (شێخ محمدی نۆدێیی) ناسراو به (شێخ مارفی نۆدێ) بڵاوكرایه‌وه، كه له‌ساڵی 1834دا كۆچی دوایی كردوه.
پارێزگای سلێمانی پێشتر‌و هه‌تا ئێستاش شاری برایه‌تییه له‌نێوان سه‌رجه‌م ئاین‌و تایفهكاندا، به‌شێوه‌یه‌ك كه چه‌ندین گه‌ڕه‌كی ئه‌م شاره هه‌یه، له‌وانه‌ش گه‌ڕه‌كی گاوران، كه له‌ساڵی 1820دا یه‌كه‌م كه‌نیسه‌یان تێدا بنیاتناوه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی مێژوی بونی مه‌سیحییه‌كانیش له‌شاری سلێمانیدا، بۆ ساڵی 1820 ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی تری شاری سلێمانیش، گه‌ڕه‌كی (جوله‌كان)ه، كه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ یه‌هودییه‌كانی دانیشتوی سلێمانی‌و تا ئێستاش ئه‌و گه‌ڕه‌كه به‌هه‌مان ناوه‌وه‌یه، كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م ئایینه‌كان، كه به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده له‌م شاره‌دا ژیاون.
پێگه‌ی جوگرافیی شاری سلێمانی وایكردوه، كه ئه‌م شاره ببێته شارێكی كشتوكاڵی، به‌وپێه‌ی به‌سه‌ر هه‌ردوو ده‌شتی شاره‌زورو ڕانیه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ده‌رامه‌ته كشتوكاڵی‌و سروشتییه‌كاندا دهڕوانێتو ئه‌م دوو ده‌شته به‌دوو به‌پیتترین ده‌شتی جیهان داده‌نرێن له‌ڕوی كشتوكاڵییه‌وه، ده‌شتی شاره‌زوریش به‌سه‌به‌ته‌ی خۆراكی جیهانی داده‌نرێت، به‌هۆی جیاوازیی خاكه‌كه‌یه‌وه لهدهشتو گردۆڵكه‌و دۆڵ‌و شاخییه‌وه، كه به‌بونی ده‌رامه‌تی كانزایی‌و كه‌ره‌سته‌ی خاو‌و سه‌ره‌تایی بهنرخو به‌ردی به‌به‌ها جیاده‌كرێته‌وه.
پارێزگای سلێمانی دوو به‌ربه‌ستی ئاوی كارۆئاوی هه‌یه، كه ئه‌وانیش به‌ربه‌ستی ئاوی دوكانه، كه (60) كم له‌شاری سلێمانییه‌وه دوره‌و درێژییه‌كه‌ی (325) مه‌ترو به‌رزییه‌كه‌ی (108) مه‌تره‌و (7 ملیار مه‌تر سێجا) ئاو دهگرێتو ساڵی 1954 بنیاتنراوه، دوه‌م به‌ربه‌ستی ئاویش، به‌ربه‌ستی ده‌ربه‌ندیخانه، كه ئه‌ویش (60) كم له‌شاری سلێمانییه‌وه دوره‌و به‌رزییه‌كه‌شی (128)م ده‌بێت، (325) ملیۆن مه‌ترسێجا ئاودهگرێتو ساڵی 1961 بنیاتنراوه.
پارێزگای سلێمانی خاوه‌نی سێ زانكۆیه، ئه‌وانیش زانكۆی سلێمانی كه ساڵی 1968 دامه‌زرێنراوه‌و دواتر له‌لایه‌ن ڕژێمی پێشوه‌وه گواسترایه‌وه بۆ شاری هه‌ولێرو ئه‌و كات ناونرا زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین‌و دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی نوێی كوردستان، سه‌رله‌نوێ له‌ساڵی 1991دا ئه‌م زانكۆیه له‌شاری سلێمانی كرایه‌وه، زانكۆی دوه‌میش زانكۆی ئه‌مریكییه، كه ساڵی 2007 دامه‌زرێنراوه، زانكۆی سێیه‌میش زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆییه له‌قه‌زای قه‌ره‌داغ، كه له‌ساڵی 2008دا دامه‌زرێنراوه.
له 21/7/2006دا فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانیش كرایه‌وه‌و تا ئێستاش كراوه‌یه، له‌به‌رده‌م چه‌ندین گه‌شتدا بۆ زۆرێك له‌وڵاتانی جیهان، ئه‌مه جگه له‌ئه‌نجامدانی گه‌شتی ناوخۆیی بۆ به‌غدای پایتهختو شاری به‌سره.
(سی ڤی) سه‌رۆكی ئهنجومهنو پارێزگار‌و جێگری پارێزگار‌و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن بۆ یه‌كه‌مین خولی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی
2005 - 2014








































