سلێمانی و سوید نامەیەکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد
2/6/2022
|
94 جار خوێندراوەتەوە |
|
رۆژی دووشەممە 23/5/2022 بەڕێز ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشوازی لە وەفدێكی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆریبرۆی وڵاتی سوید و پارتی سۆشیال دیموكراتی ئەو وڵاتە کرد بە سەرۆكایەتی ( تۆرگنمیر لارشۆن) سەرۆكی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆریبرۆ.
وەفدەكە پێكهاتبوو لە لێپرسراوی پرۆژەكانی سۆشیال دیموكرات ، سكرتێری سیاسی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆریبرۆ ، لێپرسراوی خوێندكارانی سۆشیال دیموكرات و ئەندام پەرلەمانێكی سوید و ئەندامێكی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆریبرۆ.
لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی سكرتێری ئەنجومەن و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی ھەرێمی ئۆریبرۆ داوای کرد ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوولا لە سێکتەرە جیاوازەکاندا دروست بکرێت و ئاماژەی بە سیستمی حوکمڕانی وڵاتی سوید و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەو وڵاتە کرد.
پاشان بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا دەربارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان پارێزگای سلێمانی و هەرێمی ئۆریبرۆ.
لە كۆتایدا نامەیەكی لێكتێگەشتن لە نێوان بەڕێزان سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆریبرۆ ئیمزا كرا.







